به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا :حسێن زوڵفەقاری جێگری ئاسایش و ئینتیزاماتی وەزارەتی ناوخۆ لە پرێس کۆنفرانسی سەرۆکی سیتادی ئەربەعینی حسێنی وتی: کێشە و ناڕێکوپێکییەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ ناردنی زیارەتکارەکانی ئەربەعینی حسێنی تاوتوێ کراون و پێڕاگەیشتن بەو کێشانە بە زووترین کات خراوەتە ناو دەستووری کاری سیتادی ناوەندییەوە.
زوڵفەقاری وتی: سیتادی ناوەندی ١٤ کۆبوونەوە و کۆمیتە ناوەندییەکان ٥٣ کۆبوونەوەیان بۆ پێوشوێنگری پرسەکان پێکهێناوە و پێکهاتەی جێبەجێکاری سیتادی ناوەندی هەندێک چاکسازی لەسەر ئەنجام دراوە و لەوان کۆمیتەی خزمەتگوزاری شاری لە بەرپرسایەتی شارەداری تاران وەدیهێنراوە تاکوو کاروباری تەندرووستی و ئاسوودەیی وە ئەستۆی ئەو کۆمیتەیە بێت. زیادە لەوەش کۆمیتەی بەڕێ کردن لە کۆمیتەی خواردەمەنی و نیشتەجێ بوون جیا کراوەتەوە؛ هەروەها سیتادە پارێزگاییەکان بە تەواوی پێکهاتوون تا لە بواری جێبەجێکارییەوە ئامادە بکرێن.
جێگری ئاسایش و ئینتیزاماتی وەزارەتی ناوخۆ دەریبڕی: بابەتی تێپەڕین لە سنوور باسێکی گرینگە و لەمبارەوە جەختمان لەسەر ئەوەیە کە نابێت هەموو گوشارەکە لەسەر سنووری مێهران بێت، هەر بۆیەش دەمانەوێ سنوورێکی کۆمەکی لە ڕۆژئاوای وڵات لە سوومار و مەندەلی بکەینەوە تا گوشارەکە لەسەر سنوری مێهران کەم ببێتەوە؛ دیارە سنووری چەزابە و شەلەمچەش دەفرایەتییەکی باشیان هەیە و زیارەتکارەکان دەتوانن لەو سنوورانە هاتوچۆ بکەن و بڕیار وایە هاتوچۆی زیارەتکارانی هەندێک لە پارێزگاکان لەو سنوورانەوە ئەنجام بدرێت.
ناوبراو درێژەی دا: سنووری کۆمەکی سوومار – مەندەلی لەلایەن هەردوولایەنەوە تەبایی سەرەتایی لەسەر کراوە و بۆ تەبایی کۆتایی پێویست بە هەندێک ژێرخان و ئیمکانات هەیە و بە دابین کردنی ئەوانەش دەتوانین لەو سنوورە کەڵک وەرگرین.
زوڵفەقاری وتیشی: ساڵی ڕابردوو بۆ وەرگرتنی ویزا بۆ هاووڵاتیانی بیانی دانیشتووی ئێران هەندێک کێشە هەبوو و وڵاتی عێراق ویزای بۆیان دەر نەکرد و ئەوانیش بە بێمۆڵەت سنووریان تێپڕاند کە بۆ چارەسەر کردنی ئەم بابەتەش هەندێک ڕێککەوتن هەبووە و لەگەڵ لایەنی عێراقی هەماهەنگی کراوە تا هەموو ئەوانەی لە ئێراندا مۆڵەتی دانیشتنیان هەیە بتوانن بۆ عێراق سەفەر بکەن، کە واتە هەموو هاووڵاتیانی بیانی مۆڵەتپێدراوی ناو وڵات دەتوانن بە بەڵگەی یاساییەوە داوای ویزا بکەن.
ناوبراو جەختی کرد: ساڵی ڕابردوو دەرکردنی ویزا لە نووسینگەکانی ئێران لەلایەن عێراقەوە درەنگ ئەنجام دەدرا بەڵام ئەوساڵ ڕەوتێکی گونجاوی هەیە و هاونیشتمانان هەر لە ئێستاوە دەتوانن لە سیستەمی "سماح" ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بکەونە شوێن بەرنامەی سەفەرەکەیان.
زوڵفەقاری وتی: لە ئێستادا لە شارەکانی تاران، کرماشان، ئەهواز و مەشهەد کاری دەرکردنی ویزا ئەنجام دەدرێت و لە ١٠ تا ١٥ی ڕەزبەریش لە ١٢ شوێنی دیکەی وڵات ئەم کارە ئەنجام دەدرێت.
جێگری ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆ وتی: ئەوساڵ بەرنامەی بیمەی زیارەتکارانی ئەربەعین دەبێ ئەنجام بدرێت و بە کەمترین خەرج بیمەیان دابین بکرێت و هەرکەسەو ١٩ هەزار و ٥٠٠ تمەن بۆ بیمەی نەخۆشخانە یان تێدا چوون و ٥ هەزار تمەنیش بۆ خزمەتگوزارییەکانی دەرمانی سەرپێیی پارە دەدات.
ناوبراو دەریخست: تێچووی دەرکردنی ویزا هەر ٤٠ دۆلارەکەی ساڵی پارە و هەڵبەت هەوڵمان دا ئەم بڕە کەم ببێتەوە بەڵام لایەنی عێراقی لەگەڵمان ڕێک نەکەوت؛ ماوەی بەسەرچوونی ویزا ٢١ ڕۆژەکە لە یەکەم تا کۆتایی مانگی سەفەر دەبێت و ئەمەش لەگەڵ لایەنی عێراقی هەماهەنگ کراوە.
زوڵفەقاری وتی: ئەوانەش کە بەگرووپ ویزا وەردەگرن جاری وا هەیە لەسەر سنور لە گرووپەکەیان جێ دەمێنن و دوور دەکەونەوە و بۆ ئەم کێشەیەش بڕیار درا لەگەڵ ویزاکە بەڵگەیەکی هۆلۆگرامدار بە هەموویان بدرێت تا ئەگەر کەسێک لەگەڵ گرووپەکەی خۆی نەبوو کێشەی بۆ درووست نەبێت.
ناوبراو ئاشکرای کرد: بە ئاوڕ دانەوە بە کێشە و گرفتی زۆری سەفەری تاکەکەسی بۆ زیارەتی ئەربەعین بە پێی بەرنامەیەک کە لەگەڵ ڕێکخراوەی حەج و زیارەت داڕێژراوە بڕیار وایە ناردنی خەڵکی ئازیزی وڵات بۆ وڵاتی عێراق بە شێوەی کاروانی و کاروان ئاسا ئەنجام بدرێت...
کۆتایی کورتە نامە/310
وەدیهێنانی سنووری کۆمەکی لە سووماری کرماشان/ دەرکردنی ویزای عێراق لە تاران، کرماشان، ئەهواز و مەشهەد
١٥ ئەیلوول ٢٠١٦ - ٠٢:٤٧
News ID: 779133
جێگری ئاسایش و ئینتیزاماتی وەزارەتی ناوخۆ وتی: لە ڕەوتی ئەربەعینی حسێنیدا نابێ هەموو گوشاری هاتوچۆ تەنیا لەسەر سنووری مێهران بێت و هەر بۆیەش دەمانەوێ سنوورێکی کۆمەکی لە ڕۆژئاوای وڵات لە سوومار و مەندەلی بکەینەوە تا گوشارەکە لەسەر سنووری مێهران کەم ببێتەوە.